سەرۆکی سوریا رەخنە لە پلانی ترامپ دەگرێت لە ئاوارەكردنی دانیشتوانی غەززە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزاری سوریا، رەخنەی لە پلانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا گرت، بۆ ئاوارەكردنی خەڵکی غەززە و رایگەیاند كە پلانەكە “سەرکەوتوو نابێت”.

ئەمڕۆ سێشەممە رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کرد، رایگەیاندبوو ئەگەر حەماس تا رۆژی شەممەی داهاتوو بارمتەکان ئازاد نەکات، دەرگای دۆزەخ دەکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی پۆدکاستدا لەگەڵ رۆژنامەنووسی بەریتانی ئەلیستەر كامبڵ، وتەبێژی پێشووی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، دوێنێ دووشەممە، شەرع رایگەیاند، “خەڵکی غەززە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بەرگەی ئازار و کوشتار و ماڵوێرانیان گرت و خاكەكەیان بەجێنەهێشت”.

شەرع پێی وایە “ئاوارەکردنی خەڵک لە زێدی خۆیان تاوانێکی گەورەیە و روونادات و سەرکەوتوو نابێت”.

سەرۆکی راگوزاری سوریا ئاماژەی بەوەدا کە ” كارێكی ئەخلاقی و سیاسی نییە کە ترامپ بانگەشەی دەركردنی فەلەستینییەکان لە خاکی خۆیان دەكات.”

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە