سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندێكی سێ پارتی باكووری كوردستان تاوتوێی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی سوریا دەكەن
هەولێر – نۆرس پرێس
سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان، دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە، و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا كۆبونەوە.
بارەگای بارزانی رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە مستەفا ئوزچەلیك سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان و بایرام بۆزیەل سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان و دۆزگین كاپلان سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان و مەسعود تەك جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان.
لەدیدارەكەدا بە وردی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەكە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و بە تایبەت سووریا کرا، و سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ شاندی میوان لەبارەی بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان خستەڕوو.