دامەزراندنی گلدەرەوەی یەدەگی ئاو بە گوژمەی نیو ملیۆن دۆلار لە قامیشلۆ

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

کارگێڕێک لە بەڕێوبەرایەتی ئاوی بەڕێوبەری خۆسەر لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات، بەڕێوبەرایەتییەکە دەستیکردووە بە دروستکردنی گلدەرەوەیەکی یەدەگی ئاو بۆ دوورکەوتنەوە لە قەیرانی کەمی ئاو لە وەرزی هاویندا، کە تێچووەکەی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.

واسڵ ئەسعەد، کارگێڕ لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کردووە لەناو وێستگەی ئاوی ئەلهیلالییە لە شاری قامیشلۆ، بە توانای سێ هەزار مەتر سێجا، تێچووی 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

روونیشیکردەوە، ئەم گلدەرەوەیە دەبێتە یەدەگێک لەناو وێستگەکەدا، کە دوو گلدەرەوەی دیکەی ئاوی تێدایە و ئاو بە شارەکە دەدات و توانای هەریەکەیان هەمان توانای گلدەرەوە یەدەگەکەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو دوو تانکییەی کە ئێستا هەیە کۆنن و ئاو لێیانەوە دزەدەکات و پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە بەهۆی کوونبوونیانەوە، ئەگەری زۆرە لە هەر ساتێکدا لە خزمەتگوزاری دەربچن”.

تانکی یەدەگی نوێ بەبێ پچڕان ئاو دابین دەکات، دروستکردنیشی سێ مانگی دەخایەنێت، بە گوتەی ئەسعەد.

ناوبراو راشیگەیاند کە پڕۆژەکە بە پاڵپشتی رێکخراوی “سۆلیدات” کە تایبەتە بەو جۆرە پڕۆژانە جێبەجێ دەکرێت ، “پڕۆژەکە بەشێک بوو لە پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ ساڵانێک، بەڵام تێچووی زۆری رێگربوو لە جێبەجێکردنی”.

گوتیشی: “دوای تەواوکردنی دروستکردنی گلدەرەوەی یەدەگ، کار لەسەر پاراستنی تانکییەکانی دیکە دەکەین، بۆ ئەوەی ئاوی باشتر بۆ دانیشتوان دابین بکەین”.

ئەم پڕۆژەیە چەند رۆژێک دوای تەواوبوونی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی ئاو لە وێستگەی پەمپکردن لە گەڕەکی ئەلهیلالیە دێت، کە تێچووەکەی مەزەندە دەکرێت بە 90 هەزار دۆلار.

بەشێک لە گەڕەکەکانی قامیشلۆ بەدەست کێشەی کەمی ئاوەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، ئەمەش وایکردووە زۆریان پەنا بۆ ئاوی تانکەرەکان ببەن.

ئامادەکردنی: نالین عەلی – داڕشتنەوەی: دڵسوز یوسف