“هەسەدە” کۆتاییهاتنی هەڵمەتە ئەمنییەکەیان راگەیاند

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆتایی هاتنی هەڵمەتە ئەمنییەکەیان بۆ راوەدونان و دەسگیرکردنی ئەندامانی شانەکانی داعش، راگەیاند.

هەڵمەتەکە لەژێر ناوی “تۆڵەی شەهیدانی رەققە”دا بوو، کە شاری رەققە و گوندەوارەکانی لەخۆگرتبوو بۆ لەناوبردنی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش).

لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئاماژەیان بەوەکردووە، “هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی پاراستنی گەل بە پاڵپشتی و رووپۆشی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوانیان دەستپێکرد، دەیان خاڵ و حەشارگەی گومانلێکراویان لە رەقە و گوندەوارەکانی کردە ئامانج”.

“هەسەدە” دەڵێ:” بە پێی ئەو پلانی داڕێژراو و کاتی دیاریکراو، ناوچەیەکی بەرفراوان کێوماڵکراون و ئەنجامی دەستبەجێ و کاریگەریان لە دژی جموجۆڵ و پلانەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بەدەستهێناوە”

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە هاوبەشەکان “127 کەسی داواکراو و گومانلێکراویان لە ئەندامانی شانە تیرۆریستییەکانیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا والی ویلایەتی رەققە، ناسراو بە”عەتاڵا ئەلمیسان” هەیە، هەروەها ئەو شانەی تیرۆریستیەی پلانیان داڕشتبوو و پشتیوانی لۆجستیکیان بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دابینکردبوو هەڵوەشایەوە”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکراکراوە، ئەو هێزانە توانیویانە دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا بگرن، هەروەها بڕێک کتێب و بەڵگەنامەی تایبەت بدۆزنەوە کە تایبەت بوون بە خولەکانی شەریعەت، کە داعش بەکاریاندەهێنان بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە کاتی هەڵمەتەکەدا تونێلی کۆنیش دۆزراوەتەوە کە ئەندامانی رێکخراوەکە بەکاریان هێناوە بۆ خۆشاردنەوە لە کاتی داگیرکردنی شاری رەققە لە لایەن داعشەوە، بەرلە ئازادکردنی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: قەیس ئەلعەبدوڵا