ئەمریکا حەوت دامەزراوەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە حەوت دامەزراوەی ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە، بەهۆی ئەوەی هاوکاری رووسیایان کردووە لەدابینکردنی کەلوپەلی سەربازی، کە مۆسکۆ لە جەنگ لە دژی ئۆکراینا بەکاریهێناون.
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاندووە: “وەزارەتەکەمان حەوت دامەزراوەی ئێران دەخاتە لیستی رەشەوە، کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە سەلمێنراوە، کارەکانیان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایە و هاوکاریی پیشەسازیی بەرگری و سەربازیی رووسیای کردووە و سزاکانیش لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە جێبەجێ دەکرێن.”
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکادا هاتووە، کۆمپانیاکان تایبەت بوون بە دروستکردنی کەلوپەلی مەکینەی فڕۆکە، کەلوپەلی سەربازی و درۆنی سەربازی.
هەروەها وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە، ئەم هاوکارییە جیاوازە لەوەی ئێران راستەوخۆ درۆنی سەربازی بۆ رووسیا دابینکردووە و مۆسکۆش لە دژی ئۆکراینییەکان بەکاریهێناوە.