نوێنەری حکومەتی ئەمەریکا سەردانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕەقە دەکات و لەگەڵ بەرپرسەکانیان کۆدەبێتەوە

ڕەقە – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە نیکۆلاس گراینگەر، نێردەی باڵای ئەمریکا لە باکوری سوریا، سەردانی دامودەزگاکانی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری کرد لە ڕەقە.

 لەمیانەی سەرەدانەکەیدا لەگەڵ شێخ و کەسایەتیە دیارەکانی رەقە و بەرپرسانی بەرێوەبەرایەتی خوسەر تاوتوێی پرسەکانی خزمەتگوزاری و ئەمنی و سیاسیان کرد.

عەبدوسەلام حەمسورک، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی مەدەنی ڕەقە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، سەردانەکەی شاندی ئەمەریکی یەکەمین سەردانی ئاشکرا و فەرمییە کە بۆ ئەنجوومەنی مەدەنی ڕەقە ئەنجامی دەدات، پاش کشانەوەیان لە ناوچەکە لە ساڵی 2019.

بەپێی زانیاریەکان لە ئۆکتۆبەری 2019، پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕەقە، تەبقە، کۆبانی و منبج کشایەوە.

حەمسورک ئاماژەی بەوەشکرد،  لەگەڵ شاندی ئەمەریکی گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی ئەمنی و سیاسی و ژێرخانی شارەکە کرد.

ڕاشیدەگەیەنێت، لەلایەن شاندی ئەمریکیەوە لەهەموو ئاستەکاندا بەڵێنی بەهێز هەبووە بۆ پشتگیریکردن لە ناوچەکە.

جێی باسە رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات ” هەسەدە” ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیان بۆ بەدواداچوونی شانەکانی داعش لە ڕەقە دەستپێکرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بووە کە بە یەکەمین گەڕانەوەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە دادەنرێت.

ئامادەکردن : فاتیمە خالد – دارشتنەوە: زانا ئەلعەلی