بە هۆی زەمینلەرزەیەکەوە لە رۆژئاوای ئێران 3 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 600 برینداربوون
هەولێر – نۆرس پرێس
لە ئەنجامی زەمینلەرزەیەکەوە وێرانکەردا کە شەوی رابردوو ناوچەیەکی زۆرینە کوردی رۆژئاوای ئێرانی گرتەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون.
زەمینلەرزەکە لە کاتژمێرەکانی درەنگانی ئێوارەی شەممە، بە قوڵایی 7 کیلۆمەتر لە رووی زەویەوە، بە گوڕی 5.9 پلە بە پێوەری رێختەر، لە شاری خۆیی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە روویدا.
ئەم زەمینلەرزەیە تا ئێستا بووەتە هۆی برینداربوونی نزیکەی 580 کەس و ئەگەری زۆرە ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە چونکە هەندێک کەس بە سەختی بریندار بوون.
زەمینلەرزەکە زیانی بە نزیکەی 70 گوند گەیاندووە، دەسەڵاتدارانیش دەڵێن هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکان دەکەن.
جگە لەوەش ئەم کارەساتە ژینگەییە سەدان کەسی بێ ماڵ و حاڵ کرد، چونکە لە دەرەوە لە کەشوهەوای سارددا خەوتبوون.