هاوڵاتیەکی عێراقی لە ناوەندێکی چاکسازی کۆچبەران لە سیدنی خۆی دەکوژێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاژانسی “زاگاردیان” رایگەیاند کە دەستبەسەرکراوێکی کۆچبەر عێراقی لە گرتووخانەی ڤیلاوود لە سیدنی گیانی لەدەستدا و گومان دەکرێت خۆی کوشتبێت.
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆ کە سەرپەرشتی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران دەکات، مردنی ئەو کەسەی پشتڕاستکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا وتی: “بە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە و هێزی سنووری ئوسترالیاوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزان و هاوڕێکانی ئەو پیاوە دەکەین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بابەتەکە رەوانەی دەزگا پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ لێکۆڵینەوە، لەنێویاندا پزیشکی دادوەری”.
گوتیشی: “بەو پێیەی ئەم بابەتە کەوتۆتە ژێر لێکۆڵینەوەی بەردەوامەوە، گونجاونییە لێدوانی زیاتر بدرێت.”
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکخراوی پەنابەران لە کوژرانی ئەو کۆچبەرە عێراقییە ئاگادارکرایەوە و دەستبەسەرە عێراقییەکە لە تەمەنی 30 ساڵیدا لە ژوورەکەیدا بە مردوویی دۆزرایەوە.
پێدەچێت ئەو کەسە، کە پێنج ساڵ دەستبەسەر بووە، دوایین جار کاتژمێر 10ی شەوی شەممە لە ژوورەکەی خۆیدا بە زیندووی بینرابێت.
ئیان رینتۆل گوتەبێژی رێکخراوەکە وتی: “ئەو رووداوە شۆکهێنە کە خۆکوشتنێکی دیکە لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی [ڤیلاوود] روویداوە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ناوەندەکە تەنها نەبووەتە کانگایەک بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان، بەڵکو خەریکە دەبێتە مەڵبەندێکی خۆکوژی”.
رێکخراوەکە دەڵێت، ئەو کەسە چەند جارێک لە ناوەندەکەوە گواستراوەتەوە بەهۆی گرژی لەگەڵ دەستگیرکراوەکانی دیکە، لەنێویاندا شەڕی شەوی شەممە لەگەڵ کەسێکی دیکە.
تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر ناو و ناسنامەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییە رانەگەێنراوە.