دیمەشق – نۆرس پرێس
هەواڵی ئەنجامدانی کۆنسێرتی هونەرمەندی میسری هانی شاکر کە لە مانگی داهاتوو لە دیمەشق بەبۆنەی ڕۆژی ڤالانتاین بەڕێوەدەچێت خەڵکێکی زۆری توڕەکردووە، بەو پێیەی کە خەڵکی سوریا بەدەست چەندین قەیرانەوە دەنالێنێت لە نێویدا قەیرانی برسێتی و هەژارییەوە.
بەپێی هەواڵی میدیاکان لە دیمەشق، هونەرمەندی میسری هانی شاکر و مەروان خوری لوبنانی کۆنسێرتی رۆژی ڤالانتاین لە 14ی شوبات لە هۆتێل داما ڕۆز پێشکەش دەکەن، نرخی پلێتی کۆنسێرتی هونەرمەند “مەروان خوری” لە نێوان 350 بۆ 650 هەزار لیرەی سوری دەبێت، پلێتی هونەرمەند “هانی شاکر” نرخەکەی لە نێوان 450 بۆ 750 هەزار لیرە دەبێت.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن، کە سوریا لە ڕووی خۆراک، سووتەمەنی، گواستنەوە، تەندروستی، کشتوکاڵ، ئاو، و پەتاکانەوە بەدەست قەیرانەکانەوە دەناڵێنێت، کە دۆخێکی ترسناک بەرووکی ئەو وڵاتەی گرتووە.
لای خویەوە حکومەتی سوریاش هۆکارەکانی ئەم قەیرانانەی کە بەسەریدا سەپێنراوە بۆ سزاکانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە.