وه‌فده فه‌ره‌نسییه‌كه له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه‌كانی قامشلۆ كۆبوه‌وه
قامشلۆ-نۆرس پرێس
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه وه‌فده‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، كه به‌سه‌ردانێك له رۆژئاوای كوردستانن، له‌گه‌ڵ پارته سیاسییه‌كان له شاری قامشلۆ كۆبونه‌وه‌و باسیان له هێرشه گریمانه‌كراوه‌كه‌ی توركیا كرد بۆ سه‌ر ناوچه‌كه.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه وه‌فدێكی فه‌ره‌نسی كه له برنارد كۆشنه‌ر، وه‌زیری پێشوتری فه‌ره‌نساو باتریس فرانشیسكی، توێژه‌رو لێكۆڵه‌ر له بواری كاروباری كورددا و رۆكسانا دیماسیۆنۆڤی، نوسه‌ری فه‌ره‌نسی پێكهاتون، له ئێستادا له رۆژئاوای كوردستانن و خالید عیسا، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر له فه‌ره‌نسا یاوه‌ری وه‌فده‌كه‌یه.
له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی سه‌ردانه‌كه‌یان ئه‌و وه‌فده دیدار‌و كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌و سه‌ردانی به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌یان كردوه.
له‌و كۆبونه‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌چو، پارته سیاسییه‌كان داوایانكرد قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بسه‌پێنرێت و توركیا له ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه دوربخریته‌وه به‌وپێیه‌ی كاره‌ساتی مرۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه.
وابڕیاره وه‌فده‌كه راپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر دۆخی ناوچه‌كه به حكومه‌تی فه‌ره‌نسا بگه‌یه‌نن.
دوێنێ ئه‌و وه‌فده سه‌ردانی هێڵه‌كانی به یه‌كگه‌یشتنیان كرد له‌گه‌ڵ گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیا له شارۆچكه‌ی ته‌لته‌مر.
هه‌ر دوێنێ برنارد كۆشنێر، وه‌زیری پێشوتری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، هه‌ر هاوكارییه‌ك بكه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌وان، پێشكه‌شی ناوچه‌كانی رۆژئاوای ده‌كه‌ن.
كۆشنێر له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، كه له شاری قامشلۆ رێكیخست، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، “پێویسته به‌ره‌نگاری و ململانێی ناوچه‌كه له یاد نه‌كرێت به‌هۆی ئه‌و ململانێیه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا تێیكه‌وتون.”
ئه‌وه‌شی وت، “ئه‌و به‌ره‌نگارییه‌ی رۆڵه‌كانی ناوچه‌كه له‌بیر ناكه‌ین كه به‌رامبه‌ر به داعش نیشانیاندا.”
سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده فه‌ره‌نسییه بۆ ناوچه‌كه له كاتێكدایه توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی منبج و ته‌لڕه‌فعه‌ت ده‌كات.