سەرۆکی میسر و ئازەربایجان پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ئاسایی كردنه‌وه‌ی ره‌وشی سوریا پشتڕاست دەکەنەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر، لەگەڵ ئیلهام عەلیف هاوتا ئازەریەکەی لە باکۆ، بارودۆخی سوریایان تاوتوێ کرد و جەختیشیان لە سەر گرنگیدان و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەو گرفتەکانی سیاسی کردەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی میسر، هەردوولا تاوتوێی بارۆدوخی پرس و رووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد، لەنێویاندا بارۆدوخی سوریا.

 گوتەبێژی سەرۆکایەتی میسر ڕایگەیاند ” هەردوو وڵات کۆکن لەسەر پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان و بەردەوامبوون لە کارکردن لەسەر ئاوەدانکردنەوەی سوریا”.

هەردوولا جەختیان لەسەر لە ناوبردنی گرووپه تیرۆریستیەکان و و پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی وڵاتیان کرد، بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی خاکی سوریا بپارێزن و خواستەکانی گەلی سوریا بەد بێنن و کۆتاییش بە نەهامەتیەکان بێنن.

جێی باسە سەرۆکی ئەو دوو وڵاتە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتەکانیان ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان واژۆکرد، هاوکاریەکان خۆیان لەچەندین بواری جیاجیادا دەبیننەوە.

ئامادەکردن و داڕشتن هۆزان زوبێر