گەنجێکی سنەیی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا
هەولێر – نۆرس پرێس
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەو گەنجە ناوی ئەحمەد ساڵحییە و تەمەنی 35 ساڵە، چەند سەعاتێک دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن ھێزەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەشی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە گوازراوەتەوە.
لە راپۆرتەکەی “رێکخراوی هەنگاو”دا هاتووە کە سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گەنجە لە ماڵەکەی خۆیدا بە گومانی ھەبوونی ماددەی ھۆشبەر روبەڕوی لێدان بووەتەوە، ئەگەرچی ھیچ جۆرە ماددەیەکی ھۆشبەر لە ماڵەکەیدا نەدۆزراوەتەوە.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندووە، تەرمی ئەحمەد ساڵحی ئێوارە ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە. ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەی ئەو گەنجەیان ناچارکردووە کە ھۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بۆ ئازاری دڵ بگەڕێننەوە، بەڵام براکەی کە شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە بینیوە ناڕەزایی دەربڕیوە و ئەویش دەستبەجێ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە رفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.