دادگایەکی عێراقی سزای لەسێدارەدان بەسەر 14 بەشداربووی کۆمکۆژی “سپایکەر”دا دەسەپێنێت

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای تێهەڵچووونەوەی تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ چواردە کەس دەرکرد کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی کۆمکوژی “سپایکەر” لە پارێزگای سەڵاحەدین.

میدی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، ” دادگای تێهەڵچووونەوەی تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر چواردە تاوانباری تیرۆریستیدا دەرکرد بەهۆی بەشداریکردنیان لە تاوانی کۆمەڵکوژیی سپایکەر لە ساڵی 2014دا”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکان دژی ” تیرۆریستە تاوانبارەکان ” لەسەر بنەمای بڕگەکانی مادەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرکراون.

“کۆمکوژی سپایکەر” لە 12ی حوزەیرانی 2014، دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” دەستی بەسەر شاری تکریتدا گرت لە عێراق و رۆژێک دواتر داگیرکردنی شاری موسڵ لە لایەن داعشەوە روویدا.

“کۆمکۆژییەکە”  کە لە ئەنجامدا زیاتر لە هەزار و 700 کەسی تێدا کوژرا، دوای بەدیلگرتنی قوتابیانی سەربازگەیەکی سەر بە فیرقەی 18ی سوپای عێراق روویدا، کە راسپێردرابوون بۆ پاراستنی بۆرییەکی نەوت کە بەیجی و ناوچەی کێڵگەکانی عەین ئەلجەحش لە موسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەکەونە بنکەی ئاسمانی سپایکەرەوە.