پەرلەمانی کوردستان.. بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیان و قووتی فەرمانبەران دەبێت
هەولێر – نۆرس پرێس
لە راگەیێندراوێکدا پەرلەمانی کوردستانی عێراق ئاشکرای دەکات و دەڵێت “بەداخەوە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیارێکی لە دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ئومێدی رێککەوتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی زۆر کەمکردەوە و بووە هوی سەرەتای گرژکردنەوە ناکۆکییەکان.
پەرلەمانی کوردستان ئاماژەشی بەوە کرد “دادگەی فیدراڵی، چەندین جارە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بڕیار لە دژی ماف و دەسکەوتەکانی دەدات. وێڕای ئەوەی کە گومان لەسەر دەستووری بوونی کۆی دامەزراوەکەش هەیە و پێویستە بەپێی بنەماکانی دەستوور دابمەزرێندرێت و رێز لە مافەکانی تەواوی پێکهاتەکان بگرێت و دادپەروەری لەنێوان هەمووان بەدیبهێنیت.”
رۆژی چوارشەممە 25-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمەڕ ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، سکاڵاکە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
ئەو دوو سکاڵاکارە، داوایان کردبوو کە بڕیارەکانی ژمارە 8ی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، بریاری 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵبوەشێندرێنەوە کە پاڵپشت بوون بە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.