لە دێرەزوور دوو ئەندامی هەسەدە گیانیان لەدەستدا
دێرەزۆر – نۆرس پرێس
ڕۆژی چوارشەممە، لە شارۆچکەی دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەهۆی تەقەی چەکدارانی نەناسراوەوە دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەستدا و یەکێکیشیان برینداربووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات ” هەسەدە ” ڕایگەیاند، ئەو چەکدارە نەناسراوانە خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنیەکانیان لە دەروازەی شارۆچکەی حەوایج کردە ئامانج بەو هۆیەوە شەرو پێکدادان ڕوویدا.
سەرچاوەکە جەختیشی لەسەر ئـەوە کردەوە کە هێرشەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی دوو ئەندامیان، و یەکێکی تریش برینداربووە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی پزیشکی، ئـەو بریندارە لە دۆخێکی ناجێگیردایە بۆیە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە دوای ئەو ڕووداوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات گەڕان و پشکنینان ئەنجامدا و دەروازەکانی چوونە ژوور و دەرچوون لەو شارۆچکەیە داخست.
دوێنێ رۆژی سێشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سێ ئەندامی داعشیان لە شارۆچکەی شحیل ی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیرکرد.