سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگ لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد تاوتوێ کران.

ئيواره‌ى دوێنێ سێشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازى له‌ رۆزمارى ديكارلۆ، بريكارى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروبارى سياسى و بنياتنانى ئاشتى و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ جينين پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و چه‌ند به‌رپرسێكى ديكه‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان پێكهاتبوو.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان رایگەیاند: دۆخى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ رێككه‌وتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردن، كۆمسيۆنى هه‌ڵبژاردن و بۆچوونى پێكهاته‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، شه‌ڕى دژى تيرۆر، دۆخى ئێزدييه‌كان و ناوچه‌ى‌ شه‌نگال، تاوتوێ كران.

راشیگەیاند: نێچيرڤان بارزانى ستايشى رۆڵى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كانى له‌ عێراق كرد چی له‌ كاركردن له‌ نزيكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان چی له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، وه‌ك هاوكار و يارمه‌تيده‌رێک بۆ رێگه‌خۆشكردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پاراستنى سه‌قامگيرى و ئاشتى.

له‌باره‌ى دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌ لە راگەیەنراوەکە باس لەوە کراوە کە “نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كه‌ش و زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار بۆ كۆبوونه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان به‌تايبه‌تى پارتى و يه‌كێتى و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان هه‌يه كه‌ ڕێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و پرسه‌كانى تايبه‌ت به‌ هه‌ڵبژادرن و ده‌ستنيشانكردنى ڕۆژێك بۆ ده‌نگدان.”

لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە ئەوەش هاتووە کە “سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ئه‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنييه‌ى ئه‌م دواييه‌ بۆ گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا و هه‌وڵى چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى نێوان هاتووه‌ ئاراوه‌، به‌‌تايبه‌تى ده‌رباره‌ى ياساى بودجه‌ى عێراق و ياساكانى نه‌وت و گاز و دابه‌شكردنى داهاته‌كان، يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات.”

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و كارنامه‌كه‌ى، هه‌روه‌ها پێويستيى به‌رده‌واميى هه‌ماهه‌نگى و هاوكاريى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى مادده‌ى 140، جه‌ختيشيان له‌ گرنگيى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال كرده‌وه‌.”