بڕینەوەی 100 درەخت لە لایەن گروپێکی سەر بە تورکیاوە لە گوندەواری عەفرین

عەفرین – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمەڵێک چەکداری سەر گروپە “سوڵتان سلێمان شا” کە لایەنگری تورکیان و بە “ئەلعمشات” ناسراون گوندەواری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، 100 داری زەیتونیان بڕیوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند ” ئەندامانی “ئەلعەمشات” لە باشووری رۆژهەڵاتی عەفرین و بەدیاریکراوی لە گوندی کۆرزلیەی سەر بە شارۆچکەی شێراوا، 100 درەختی زەیتونیان بڕیوەتەوە، کە پیاوێکی بەساڵاچووی کورد بە ناوی “مستەفا جەعفەر” خاوەندارێتی دەکرد.

سەرچاوە تایبەتەکەی نۆرس پرێس زیاتری لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت” ئەندامانی ئەو گروپە، دارە بڕاوەکانیان بۆ شارۆچکەی شێخ حەدید گواستووەتەوە، بۆ ئـەوەی دارەکان بیانبڕن و لە بازاڕە ناوخۆییەکان و گوندەکانی سەر بە ئیدلیب بیفرۆشن”، کە ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی “تەحریرشام”دایە و پێشتریش لەژێر کۆنترۆڵی “بەرەی نوسرە”دا بووە.

بەپێی بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لایەنەکانی سەر بە تورکیا، لە عەفرین 1114 نەمامیان بڕیوە.

شاری عەفرین و دەوروبەری، هەر لە مانگی ئازاری ساڵی 2018ەوە لەژێر کۆنترۆڵی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیادایە.

ئامادەکردن : فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی : زانا ئەلعەلی