فەرماندەیی ئەمریکا دەستگیرکردنی سێ ئەندامی “داعش”یان لە رۆژئاڤا راگەیاند

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکیان دژ بە شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.

(سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە، کە لە ڕێگەی وشکانییەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و لە رێگەی ئاسمانییەوە بە هەلیکۆپتەر، ئەنجامدراوە، تیایدا سێ ئەندامی داعش دەستگیرکراون.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەستگیرکراوەکان بەرپرسێکی لۆجستی و کەسێک بوون کە وەک نێوەندگیری بۆ رێکخراوەکە کاریان کردووە، لەکاتێکدا سێیەمیان بە “پەیوەندیدار” بە رێکخراوەکەوە وەسفکراوە.

هەروەک هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەدا کە هاوڵاتییەکی سڤیل لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بەسووکی بریندار بووە، کە لە ناوەندێکی پزیشکی ناوخۆیی چارەسەر وەردەگرێت.

سوریا و عێراق لەم دواییانەدا زیادبوونی چالاکییەکانی داعشیان بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی داعش زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنی تەنها لە سوریا ئەنجامداوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەپێی چاودێرییەکانی نۆرس پرێس.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: دڵسۆز یوسف