داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجکردنی بازگەیەک و کاروانێکی سوپای عێراق راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە رێگەی ناسێنەرەکانی خۆیەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە بە ئامانجکردنی خاڵێکی پشکنینی سوپای عێراق و کاروانێکی سەربازی لە ناوەڕاستی عێراق راگەیاند.

دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی ئۆتۆماتیکی خاڵێکی سەرەکی سوپای عێراقیان کردۆتە ئامانج لە ناوچەی زۆرینەی دانیشتوان لەسەر رێگای دیالە- بەغدا لە ناوەڕاستی عێراق، کە لە ئەنجامدا سێ ئەندامی سوپاکە برینداربوون، بە گوێرەی راگەێنراوەکەی داعش.

بەپێی زانیارییەکانی “ئەعماق”، چەند کاتژمێر پێش ئەوە، رێکخراوە توندڕەوەکە بۆمبێکی چێنراویان بە کاروانێکی سوپای عێراقدا لە نزیک بازگەکە، تەقاندوەتەوە و دوو ئەندامی سوپای عێراق گیانیان لەدەستداوە.

ئامادەکردنی: عومەرعەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان