راوێژکاری ئەسەد لە تاران جەخت لە پەیوەندی “پتەو”ی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ شەممە، بوتەینا شەعبان، راوێژکاری سەرۆک کۆماری سوریا، لە تارانی پایتەختی ئێران دەرکەوت و جەختی لە “پەیوەندی پتەو”ی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، لە میانی سەردانێکدا کە تێیدا نوێنەرایەتی هاوسەرەکەی ئەسەدی کرد.
ئەم سەردانە بۆ یەکەمجار پێرێ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا راگەیەندرا، کاتێک ئاژانسی “سانا” رایگەیاند کە هاتوون بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی “ژنانی کاریگەر”.
بانگهێشتکردنی ئەم کۆڕبەندەی”ژنان” لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە، ناڕەزایەتیی بەرفراوان دژ بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بەخۆوە دەبینێت، لە پاشخانی کوشتنی کچێکی کورد، “ژینا ئەمینی”، لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران.
لە دیدارەکەیدا لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، بوتەینا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی تاران و دیمەشق “ستراتیجیکن و رەهەندی جیاوازیان هەیە” و لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە لە بوارە جیاجیاکاندا بەرەوپێش دەچن.
بوتەینا شەعبان، راوێژکاری باڵای سەرۆک کۆمار، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە “جیاواز” زانی، جەختی لەسەر پێویستی گرنگیدان بە بوارە جیاوازەکانی پەیوەندییەکان کردەوە، بەتایبەتی لە “رەهەندە کولتوورییەکان و هاوکاریکردن لە بوارەکانی ژنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا”.