دەربارەی رووداوەکەی نسێبین.. باڵیۆزخانەی عێراق داوای روونکردنەوە لە ئەنقەرە دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، لە راگەیێندراوێکدا خەلیل ئیبراهیم محەممەد، هەڵسوڕێنەرى کاتیی کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە ئەنقەرە سەرکۆنەى رووداوى کوژرانى پێنج هاوڵاتییە سڤیلەکەی هەرێمى کوردستانى کرد لە پارێزگاى مێردینى باکوورى کوردستان و داواى لە حکومەتى تورکیا کرد هۆکارى ئەو هێرشە روونبکاتەوە و تاوانباران بە زووترین کات بداتە دادگا.

هەڵسوڕێنەرى کاتیی کاروبارى باڵیۆزخانەکە، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و وتی، “سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هاوبەشی خەمەکانیانم ، داواش لە خودای گەورە دەکەم بەزەیی و لێخۆشبوونیان پێببەخشێت.”

هەر دوێنێش ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا پرسەى وەزارتەکەى ئاراستەى خانەوادەى ئەو هاونیشتمانییانە کرد و داواى لە تورکیا کرد بەشێوەیەکى “پەلە” هەوڵەکانى بۆ لێکۆڵینەوە دەستپێبکات بە هاوکارى لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەکانى عێراق بۆ ئاشکراکردنى هۆکار و وردەکارییەکانى ئەو هێرشە. 

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى، تەرمى ئەو هاونیشتمانییانە لە تورکیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمى کوردستان و لە دوو گۆڕستانی سنووری پارێزگای دهۆک بەخاکسپێردران.