میدیاکانی تورکیا دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوەکەی مێردین ئاشکرادەکەن
هەولێر – نۆرس پرێس
میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، ئەو تۆمەتبارانەی کە بەهۆی هێرشە چەکداریەکەی سەر رێگای نسێبین لە شاری میردین دەستگیرکراون دانیان بەوەداناوە ئەوان ئەو پێنج هاوڵاتیەیان کوشتووە و مەبەستیان ئەنجامدانی دزی بووە.
بە گوێرەی ئەوەی میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە تۆمەتبارەکان وتویانە بە ئامانجی دزیکردن هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بەڵام بە وتەی کەسوکاری قوربانیەکان پارە و مۆبایلی قوربانیەکان لە نێو ئۆتۆمبێلەکدا ماوەتەوە و نەبراوە.
ئەو تۆمەتبارانە لە هەڵمەتێکدا بۆ سەر ماڵەکانیان لەلایەن جەندرمەوە دەستگیر کراون، بەڵام لە بارەی جۆری چەک و چۆنێتی دەستکەوتنی چەکەکان هیچ دانپێدانانێکی ئەو تۆمەتبارانە ئاشکرا نەکراوە.
داواکاری گشتی مێردین رایگەیاند:”دوو لە تۆمەتبارەکان بەدوای ئەو ئۆتۆمبێلەدا رۆیشتوون کە لەسەر رێگای نسەیبین- مێردین رۆشتوون و لەگەڵ دەرچوونی ئۆتۆمبێلەکە لە نسەیبین ئۆتۆمبێلەکەیان راگرتووە و تەقەیان کردووە و ئەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، کوشتویانن.”
داواکاری گشتی وتی، ئەو تۆمەتبارانە کە ناسنامەکانیان لە تۆمارەکانی کامێراکانەوە دیاری کراوە، لە ماڵەکەیان لە نسەیبین دەستگیرکراون.
کەسوکاری قوربانیەکان رایانگەیاندووە، هەموو قوربانیەکان فیشەک بە سەریانەوە نراوە، دەشڵێن نازانن کێ لەپشت ئەو کەسانەوەیە، بەڵام دڵنیایی لەوە دەدەن کە پارە و مۆبایلەکانیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون.