ئەمریکا و بریتانیا پێداگری لە سزادانی رژێمی ئێران دەکەنەوە

دیمەشق- نۆرس پرێس

وەزیرانی دەرەوەی ئه مریکا و بەریتانیا پێداگرییان له روبەڕوبوونەوەی “پێشێلکارییەکانی” ده سه ڵاتدارانی ئێران له دژی گەلەکەی کردووه و به ڵێنیاندا بەردەوامبن له سزادان و لێپرسینەوەی ئەو رژێمە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی جەیمس کلیڤەرلی وتی: “ئێمە لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا بەرامبەر بە لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری لە لایەن رژێمی ئێرانەوە، وەستاوینەتەوە، کە خاوەنی هاوڵاتینامەی ئێرانی و بەریتانییە و بە بیانووی سیاسی و نادادپەروەرانە لەسێدارەدراوە.”

بلینکن وتی ئەم لەسێدارەدانە لەگەڵ شێوازی پێشێلکارییەکانی ئێراندا دەگونجێت، لەوانە “دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان، دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسێدارەدانی نادادپەروەرانە”.

جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ بریتانیادا، ” هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشەکانی دیکە، بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردایەتی ئێران لەم پێشێلکاریانە و پێشێلکارییەکانی دیکە”.

هەروەها هەردوو وەزیر بە ئاماژە بە ناڕەزایەتیەکانی ژنان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە لە دژی دەسەڵاتداران، لە پاشخانی کوشتنی ئەو ژنە لاوە کوردە، ژینا ئەمینی، پشتیوانی خۆیان بۆ ژنان و گەنجانی ئێرانی دەربڕی.

جەیمس کلیڤەرلی وەزیری بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سزای بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندووە کە دەستیان لە لەسێدارەدانی ئەکبەری و گەلەکەیاندا هەیە، لەوانەش داواکاری گشتی ئێران.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ئەوەندەی رۆیشتووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ رووسیا دابین دەکات، کە بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل لە ئۆکرانیا بەکارهێنراون.

هەردوولا باسیان لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کرد و بە هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی وەسفیان کرد کە هەرگیز لەوە پێشکەوتووتر نەبووە.

ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمریکا و بەریتانیا “پێداگرن لەسەر ئەوەی کە ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر