مەسرور بارزانی: رەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەرببن

هەولێر- نۆرس پرێس

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز لە داڤۆس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەنگە کێشەکانی هەرێم و بەغدا چارەسەرببن لە چەند مانگی داهاتوودا ئەویش بە تێپەڕاندنی یاسایی نەوت و غاز.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و گێڕانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە کاتی خۆیدا.

گوتیشی: “ئەوەی لەسەری رێککەوتووین ئەوەیە کە هەموو ئەو گوشارانەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن ئێستا رادەگیرێن. چاوەڕێ دەکەین تاوەکو یاسای تایبەت بە نەوت و گازمان دەبێت.”

تاوەکو پەسندکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، هەردوولا لە بوارەکانی فرۆشتنی نەوت و داهاتەوە هاوئاهەنگییان دەبێت و ئەو هاوئاهەنگییەش دەبێتە بنەمای رێککەوتن و لەبودجەدا جێگەی دەکرێتەوە.

سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر پەسندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و چەند کاتی پێویستە، مەسرور بارزانی دەڵێت، لەماوەی چەند مانگێکدا دەبێت و دەشڵێت: “کاتێکی دیاریکراومان هەیە کە ئەویش ماوەی شەش مانگە، نازانم کە ئەوە واقیعییە، بەڵام هیوادارم کە بەزووترین کات ئەو کارە بکرێت و جێبەجێ بکرێت.”