جێگری وەزیری پێشووتری بەرگریی ئێران به تۆمهتی “سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا” لەسێدارە درا
ههولێر – نۆرس پرێس
بهیانی ئهمڕۆ عەلی ڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشوی بەرگریی ئێران كه تۆمەتباربو بە “سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا” له سێدارهدرا.
ناوەندی هەواڵی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، عەلی رەزا ئەکبەری کە خاوەنی رەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانی بوو بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا و جووڵانەوە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە سێدارە دراوە.
عەلی ڕەزا ئەکبەری لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا و تۆمەتی “سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا”ـی درایەپاڵ؛ تۆمەتێک کە خۆی رەتیکردووەتەوە.
میدیای بەریتانی پێشتر تۆمارێکی دەنگیی ئەکبەرییان بڵاوکردبووەوە کە تێیدا دەڵێت، ئەشکەنجەدراوە و ناچارکراوە لە بەردەم کامێرا دان بە هەندێ تاواندا بنێت کە نەیکردوون.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندووە، ئەکبەری کە پێش خانەنشین بوونی چەند ساڵێک جێگری وەزیری بەرگری و ماوەیەکیش راوێژکاری دەستەی دانوستانکاری ئێران لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بووە، زیاتر لە 9 ساڵ سیخوڕیی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا کردووە.
له11ی ئهم مانگهش، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە تویتێکدا له ههژماری تایبهتی خۆی نوسیوبو، “پێویستە ئێران لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەکبەری هاوڵاتیی بریتانی- ئێرانی رابگرێت و دەستبەجێ ئازادی بکات”، بهڵام ئێران داواكهی پهسهندنهكرد و بهیانی ئهمڕۆ له سێدارهیدا.
ئەکبەری لەکاتی دەسەڵاتداریی ریفۆرمخوازان لە ئێران جێگری عەلی شەمخانی، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی ئێران بووە و ماوەیەکیش وەک راوێژکاری دەستەی دانوستانکاری ئێران لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا بەشداربووە.