سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل: پلانمان داناوە بۆ لێدانی ئێران و ئامادەین بۆ بەئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، ئەفیف کۆخاخی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی بۆ لێدانی ئێران ئامادە کردووە، هەروەها سوپای ئیسرائیل لە هەر کاتێکدا ئامادەیە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج.

ئەمەش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئیسرائیلی “واللا”دا هات، تیایدا ئەفیف رایگەیاند کە سوپای ئیسرائیل ئامادە دەبێت بۆ هێرشکردنە سەر هەر ئامانجێک لە ئێران لەو رۆژەدا کە بڕیارێک لەم بارەیەوە دەدرێت، هەروەها وڵاتەکەی ئامادەیە بە راستی هێرش بکاتە سەر ئێران.

ناوبراو رایگەیاند کە “ئێران لە ئامانجە سەرەکییەکانی سوپای ئیسرائیلە، هێزەکانی سوپاش لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا دوو جار مەشق و راهێنانیان کردووە بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە رێگەی بەشداریکردنی دەیان فڕۆکەوە و ئەو هێزانەمان ئامادەن، لەراستیدا تەنها چاوەڕوانی فەرمانی هێرشکردنین لە هەر ساتێکدا”.

سەبارەت بە بەشداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی لەو شێوەیەدا، ئەفیف ئاماژەی بەوەدا کە” ئیسرائیل دەتوانێت ئەم کارە بە تەنیا ئەنجام بدات، هەروەها دەبێت توانای ئەوەی هەبێت کە بە بێ هاوکاری ئەمریکا هێرشەکە دەستپێبکات.”

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەیان فڕۆکەی شەڕکەر لە هەر کاتێکدا ئامادەن و لە سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە دەفڕن کە لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە”.

ئەفیف جەختی لەوەکردەوە کە لە ماوەی مامەڵەکانی یان بوونی لە حکومەتەکانی سەرۆک وەزیرانی جیاوازدا، کۆدەنگییەک لە نێوانیاندا هەبووە کە ئێران نابێت بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، رێگە نادات تاران بگاتە توانا ئەتۆمییەکانی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی