وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە باس لە وادەی دیداری هاوتا سوری و رووسیەکەی دەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داھاتوودا لەگەڵ هاوتاکانی فەیسەڵ و سێرگی لاڤرۆڤ کۆدەبێتەوە.

چاوشئۆغلو بەر لە سەردانی بۆ وڵاتی رواندا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، دیداری نێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و روسیا لەوانەیە لە سەرەتای مانگی داھاتوو بەڕێوەبچێت، وتیشی، چەند وادەیەک بۆ دیداری ھەرسێ وەزیر لە ھەفتەی داھاتوودا خراونەتەڕوو، بەڵام وادەکان لەگەڵ بەرنامەکانیان نەگونجاوە و ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە نەدراوە.

ئەمەش یەکەمجار نییە ئۆغلۆ لەوجۆرە لێدوانانە بدات، لە 31ی کانوونی یەکەمیشدا رایگەیاند کە لە ناوەڕاستی کانوونی دووهەمدا، واتە ئەم مانگە، کۆدەبنەوە.

تورکیا و سوریا لە ھەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان و لە 28ی کانونی یەکەمی رابردوو وەزیرانی بەرگری ھەردوو وڵات دوای 11 ساڵ بۆ یەکەمجار لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و پێشبینیش دەکرێت دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە، سەرۆکی ھەرسێ وڵات کۆببنەوە.