ئەسەد: دەبێت دیدارەکانمان لەگەڵ تورکیا ببنەهۆی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و راگرتنی پشتیوانی لە تیرۆر

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا، رایگەیاند، کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنی تورکی پێویستە لەسەر بنەمای “کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و راگرتنی پشتیوانی بێت لە تیرۆر” لە لایەنی تورکیاوە.

ئەمەش لە میانی دیداری ئەسەد لە دیمەشق لەگەڵ ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ سوریا بوو، کە تیایدا هەردوولا باسیان لە رەوتی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی سوریا و رووسیا و میکانیزمەکانی گەشەسەندنیان کرد، بەپێی بڵاوکراوەی “سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سوریا”.

لاڤرێنتیڤ جەختی لە “پێویستی وەبەرهێنان لە پێشهاتە خێراکانی جیهان” کردەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی “بە ئەرێنی هەڵسەنگاندنی ئەو کۆبوونەوەی سێ قۆڵییە دەکات کە وەزیرانی بەرگری سووریا و تورکیا و رووسیای کۆکردەوە و گرنگی بەدواداچوون و پەرەپێدانی ئەو دیدارانە دەزانێت”، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە.

لەکاتێکدا ئەسەد پێیوابوو کە “ئەم کۆبوونەوانە، بۆ ئەوەی بەرهەمدار بن، دەبێت لەسەر بنەمای هەماهەنگی و پلانی پێشوەختەی نێوان سوریا و رووسیادا بێت بۆ ئەوەی بگات بەو ئەنجامە بەرجەستەییانەی کە سوریا دەیەوێت لە کۆبوونەوەکان”.

ئەسەد زیادی کرد کە ئەو ئەنجامانە مەرجدارن بە “کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و وەستاندنی پشتیوانی لە تیرۆر”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی