رووسیا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ رێکخستنی دیداری ئەنقەرە و دیمەشق

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند، رووسیا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە، بە مەبەستی نزیکبوونەوەی سوریا و تورکیا، کە رووسیا رۆڵی نێوەندگیری تێدا دەگێڕێت.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، “لایەنی رووسیا کار لەسەر رێکخستنی کۆبوونەوەیەک دەکات کە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و سوریا و تورکیا کۆبکاتەوە”.

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەشکرد، لە مۆسکۆ کارەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک کە وەزیرەکان سێرگی لاڤرۆڤ و فەیسەڵ میقداد و مەولود چاوشئۆغڵو کۆبکاتەوە.

هەروەها باسی لەوە کردووە کە بە کردەوە هێشتا رێککەوتن لەسەر وادەیەکی دیارینەکراوە و کار بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بەردەوامە.

لە 31ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد کە لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا لەگەڵ هاوتا رووسی و سوریاییەکانی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات، ئەوەش لە هەنگاوێکی نوێی نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق، بەڵام بەبێ ئەوەی شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری بکات.

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا یەکەمین گفتوگۆی سێ قۆڵی لەنێوان وەزیرانی بەرگریی رووسیا و سوریا و تورکیا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەچوو، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا عەلی ماملۆک بەرپرسی هەواڵگری سوریا و بەرپرسی هەواڵگیری تورکیا هاکان فیدان ئامادەی بوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: قەیس عەبدوڵا