هەولێر – نۆرس پرێس
سەنتەری ئەمریکی بۆ كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان (CDC) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، رێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی نوێی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن، ناسراو بە “كراكن” لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا رووی لە زیادبونی كردوە و زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا وەزیری تەندروستی عێراق دەڵێت، “تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی توشبون بەو ڤایرۆسە تۆمارنەكراوە و بنكە تەندروستییەکانمان لەم حاڵەتە ئاگاداركردوەتەوە”.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیۆرک تایمز، سەنتەری ئەمریکی بۆ كۆنتڕۆڵكردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، ڤایرۆسی گۆڕاوی ناسراو بە (كراكن) بەشێوەیەكی بەرچاو لە نێو توشبوانی كۆرۆنا بڵاوبوەتەوە و ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوە و ناوكە ترشەكەی بەشێوەیەكی گشتی لە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆنەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
باسی بەوەشكردوە، “رێژەی 28% دانیشتوانی ئەمریكا و 72% وڵاتانی ئەوروپا و باكوری رۆژهەڵات توشبوی ئەم ڤایرۆسە نوێیەن، لە نوێترین لێكۆڵینەوەشیاندا بۆیان دەركەوتوە كە ئەم ڤایرۆسە زۆر بە ئاسانی توانای بەرەنگاربونەوەی سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤی هەیە و دەتوانێت زۆر بە ئاسانی بەرەنگاری خرۆكە سپییەكانی خوێن ببێتەوە، هەروەها ئەم ڤایرۆسە و زانیارییە وردەكان لەسەر شێوازی پەلاماردانی خانەكانی مرۆڤ هێشتا بە نەزانراوی ماونەتەوە”.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی سەنتەری (CDC)، “ئەم ڤایرۆسە یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی كە بەشێوەیەكی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە و لە ئێستادا یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی كە بوەتە ڤایرۆسێكی بەربڵاو لەسەرانسەری ئەمریكادا، ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەیەوە بونی نییە و كاریگەرییەكانی توشبون بەم ڤایرۆسەش بە نەزانراوی ماونەتەوە، بەڵام تا ئێستا سیستمی زانیاری پزیشكی خێرایان لەبەردەستدا نییە بۆئەوەی وەڵامی خێرا لەسەر گشت كاریگەرییەكانی ئەم ڤایرۆسە وەربگرنەوە، چونكە پێویستیان بە كات هەیە بۆئەوەی دەرەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرابكەن”.