مه‌سرۆر بارزانی و محه‌مه‌د شیاع سوودانی هاوڕان له‌سه‌ر پێویستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

سەرۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هاوڕان له‌سه‌ر پێویستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێرو به‌غداو بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەت گه‌یشته‌ به‌غداو لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق کۆبووەوە.

بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و كارنامەی وەزاریی دەکەنەوە. 

مه‌سرور بارزانی له‌ توێتیكدا رایگه‌یاند، “جارێکی دیکە لە بەغداین و ئامادەین بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی نوێ بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هاوڵاتیان”.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تەوەری کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و سوودانی، تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، وردەکاییەکانی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی،گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی، هەروەک لە رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاریدا هاتووە.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق له‌ تویتێكدا رایگه‌یاندبوو، “خواستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت”.

راگەیێندراوەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،  مەسرور بارزانی و سوودانی، هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هەردوو تەوەری پەیوەندیدار بودجە و نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەستووردا.”

لە سەردانەیەکدا بۆ بەغدا مه‌سرور بارزانی به‌ جیا چاوی كه‌وت به‌ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و فایەق زێدان،  سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و محه‌مه‌د حه‌لوبسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق.