هەولێر – نۆرس پرێس
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەت بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.
لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوە هاتووە، مەسرور بارزانی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، وەک لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، گفتوگۆ دەربارەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری دەکرێت.
هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنیان تاووتوێ دەکرێت.