بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا.. دەستەی تەحریرشام چەکدارەکانی لە سنوور کۆدەکاتەوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی تورکیا دەستیکرد بە بڵاوەپێکردنی ژمارەیەک لە چەکدارانی لە سنووری تورکیا لە باکووری رۆژئاوای ئیدلب.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە تەحریرشامەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا 100 چەکداری دەستەی تەحریرشام راسپێردراون بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی 16 خاڵی کۆنتڕۆڵی سنووری لە میحوەری زەرزورەوە تا میحوەری حارم لە باکووری رۆژئاوای ئیدلب جێگیر بکرێن”.
ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردەوە کە “ئەم پێشهاتە قۆناغی یەکەمە، دواتر قۆناغەکانی دیکە، بەرەو ناوچەی ئەتمە لە باکووری ئیدلب دەڕوات، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە چوونە ژوورەوەیەک بۆ ناو خاکی تورکیا لە ئیدلبەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ئەم هەنگاوە لەلایەن دەستەی تەحریرشامەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ جەندرمە و هێزەکانی تورکیا هاتووە، لەڕێگەی پەیوەندی و کۆبوونەوەکانەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا روویانداوە”.