هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نزمترین ئاستی تۆمار کرد و 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا 160 هەزار دیناری تێپەڕاند.
بە گوێرەی ماڵپەڕی نرخی زێری جیهانی، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 1872 دۆلارە، واتا گرامێک زێڕ بە 60 دۆلار و 18 سەنتە و یەک کیلۆگرامیش بە 60184 دۆلارە, بەراورد بە پێنج مانگی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر بەرزبووەوە.
ماوەی مانگێکە نرخی دۆلار ناجێگیرە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام لە رۆژی 28ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو، جۆرێک لە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نزمبووەوە بۆ 151 هەزار دینار، بەڵام جارێکی دیکە لەدوای 3ی ئەم مانگەوە دەستی بە بەرزبوونەوە کردەوە.
دوای بەرزبوونەوەکەی، دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە لوتکەی نرخەکەیدا بوو کە 100 دۆلار، 160هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند، هەرچەندە بەشێک لە شارەزایانی دراو باسیان لەوە دەکرد پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکەن.