ئەمریکا و بریتانیا بەنیازن زرێپۆشی جەنگی بۆ ئۆکرانیا بنێرن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمریکا و بەریتانیا بیر لەوە دەکەنەوە کە زرێپۆشی جەنگی بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا کە لە 24ی شوباتەوە لەگەڵ دراوسێی رۆژئاوای وڵاتەکەی دەجەنگێت.

بەریتانیا بەنیازە ژمارەیەک تانکی چالنجەر 2 بە ئۆکرانیا بدات، ئەمەش یەکەمجارە وڵاتێکی رۆژئاوایی ئەوە راگەێنێت کە بەنیازە لە جەنگی دژ بە رووسیادا زرێپۆشە قورسەکانی خۆی بدات بە کیێڤ.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەزاری سەرچاوەکانی خۆیەوە رایگەیاند کە هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەلایەن بنکەی حکومەت لە لەندەن “داونینگ ستریت”ەوە نەدراوە، بەڵام ئۆکرانیا هیوادارە هەنگاوێکی ئەرێنی لەلایەن شانشینی یەکگرتووەوە بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ رازیکردنی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی لە هەنگاوی داهاتوودا و لەم مانگەدا تانکی لیوبارد2 بۆ کیێڤ بنێرێت.

لەلایەکی دیکەوە، دوو سەرچاوەی ئاگادار بە رۆژنامەی “پۆلیتیکۆ”یان راگەیاندووە کە ئەمریکا بیر لە ناردنی زرێپۆشی شەڕکەری سترایکەر دەکاتەوە بۆ ئۆکرانیا لە پاکێجێکی هاوکاریی داهاتوودا بۆ ئەوەی یارمەتی کیێڤ بدات لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی بەهاریی رووسیا.

ئەم زانیاریانە لە دوای راگەیاندنەکەی ئیدارەی بایدن دێت کە هەفتەی رابردوو وتیان، 50 ئۆتۆمبێلی شەڕکەری برادلی دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا، کە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی بەهێز و جێگیرە و تۆپێکی ئۆتۆماتیکی و دۆشکە و مووشەکی هەڵگرتووە.

بەوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری، بێ ئەوەی ناوی خۆی بە رۆژنامەکە بڵێ، دەکرێت ئەو چەکانە بەشێک بن لە خولی داهاتووی هاوکارییە سەربازییەکان.

هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی رۆژئاوایی، زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا راگەیاند.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە فەرەنسا رایگەیاند کە ژمارەیەکی مەزەندەکراو بە 30 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سوکی AMX-10 RC دابین دەکات لە زنجیرەیەکی هاوئاهەنگ بە پشتیوانیەکانی رۆژئاوا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر