راگەیاندنی حکومەت رەتیدەکاتەوە لەم هەفتەیەدا وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا و رووسیا کۆبنەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕؤ دووشەممە، رۆژنامەی نیمچە فەرمیی ئەلوەتەن رەتیکردەوە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا و رووسیا ئەنجام بدرێت.
رۆژی یەکشەممە رۆژنامەی شەرقول ئەوسەت رایگەیاند کە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە مۆسکۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و رووسیا بەڕێوە دەچێت.
بەڵام “ئەلوەتەن” لە زاری”سەرچاوە پەیوەندیدارەکانەوە” رایگەیاند کە هێشتا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە نییە و “هەموو شتێک کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە بێ بنەمایە”.
ئەو سەرچاوانە بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە پەیوەستە بە کارکردنی ئەو لیژنە تایبەتمەندانەی کە لە دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی پێکهێنراون کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا وەزیرانی بەرگریی سووریا و رووسیا و تورکیای لە مۆسکۆ کۆکردەوە، “ئامانج لەو کۆبوونەوەش بەدواداچوون بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی دروست و بەدواداچوون بۆ ئەو خاڵانەی کە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا لەسەری رێککەوتوون”.
چوارشەممەی رابردوو، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیماراتی سەردانی سوریای کرد و لە دیمەشق چاوی بە بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆمار کەوت و ئەم دیدارەش بەگوێرەی چاودێرانی ئیمارات بۆ پشتگیریکردن و نێوەندگیری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و تورکیا بووە.