پۆلیسی ئەڵمانی کەسێکی ئێرانی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامی هێرشی بایۆلۆجی دەسگیر دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕؤ یەکشەممە، پۆلیسی ئەڵمانیا کەسێکی ئێرانی دەستگیرکرد کە گومانلێکراوە بە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکانی ریسین و سیانید، بۆ ئەنجامدانی هێرشێک “بە پاڵنەری ئیسلامی”.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پیاوێکی تەمەن 32 ساڵ لە ویلایەتی باکووری راین- وێستفالیا لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بە گومانی ئامادەکاری بۆ هێرشەکە لە لایەن پۆلیسەوە دەسگیرکراوە.
ئەو کەسە کە بە ئێرانی ناسراوە، “گومان دەکرێت بە کڕینی سیانید و ریسین، خۆی بۆ کردەوەیەکی توندوتیژی راستەقینە ئامادە کردبێت کە وڵات بخاتە مەترسییەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی ئیسلامی”.
ریسین و سیانید چەکی بایۆلۆجی زۆر ژەهراویین.
بەپێی بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانی کە لەلایەن پۆلیسی “مونستەر” و پۆلیسی “رێکلینگهاوسن” و فەرمانگەی داواکاری گشتی لە شاری دوسێلدۆرف بڵاوکراوەتەوە، کە سەرجەمیان دەکەونە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکەوە، “ماددەی ژەهراوی”یەکان لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا پشکنینیان بۆ کراوە.
پۆلیس و کارمەندانی فریاگوزاری لەو شوێنە جێگیر بوون کە ماڵی تۆمەتبارەکەی لێیە، هەروەها لەو وێنانەدا کە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویان کردۆتەوە، دەرکەوتووە کە چەند تیمێکی تایبەتمەند لەکاتی جێگیربوونیان لە شوێنەکەدا جلی خۆپارێزییان لە مادەی ژەهراوی لەبەردایە.
تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵە لە دادگا ئامادە دەبێت یان نا.