بە هۆی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانەوە.. ئێران روبەڕووی تەوژمێکی سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی دەبێتەوە

دیمەشق- نۆرس پرێس

دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، لە پاشخانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەو وڵاتە، شەپۆلێکی شەرمەزارکردنی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

دوێنێ شەممە، ئێران “محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی”ی بە هەڵواسین لەسێدارەدا، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران بە تاوانی کوشتنی ئەندامێکی “بەسیج” سزایدان.

زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی زیندانەکانی ئێران رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، لە کاتێکدا لانیکەم 12 کەس لە راستیدا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، جگە لە “کەرەمی و حوسێنی” کە دوونیان لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا لە سێدارە دراون.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی لەسێدارەدانەکانی کردووە و بە وتەی خۆی دوای “دادگایکردنی نادادپەروەرانە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ” هاتووە.

ئەوان لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویانە: “داوا لە ئێران دەکەین هەموو جۆرە لەسێدارەدانێک راگرێت”.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەیمس کلیڤەرلی، سەرکۆنەی لەسێدارەدانەکانی کرد و داوای لە ئێران کرد “دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژی دژی گەلەکەی خۆی بهێنێت”.

کلیڤەرلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند:” لەسێدارەدانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کارێکی قێزەونە، بەریتانیا بە توندی دژی سزای لەسێدارەدانە و لە هەموو هەلومەرجێکدا دژایەتی دەکات.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا “بە توندترین شێوە” سەرکۆنەی ئەو کارەی کرد، بە وتەی خۆی “دادگایکردن و لەسێدارەدانی ساختە”ی ئەو کەسانەی شەرمەزار دەکات.

نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: ئەم لەسێدارەدانانە پێکهاتەیەکی سەرەکی هەوڵەکانی رێژیمن بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.

ئێران ئەو دوو کەسەی بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە سێدارەدا، کە لە دوای کوشتنی ئەو ژنە کوردە تەمەن 22 ساڵە “ژینا ئەمینی” لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەستی پێکردووە.

یەکێتیی ئەورووپا ئەو لەسێدارەدانانەی کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئەنجام دراون بە “ترسناک” وەسف کرد.

جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وتی: ئەمە نیشانەیەکی دیکەی سەرکوتکردنی توندوتیژیی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بۆ خۆپیشاندانە مەدەنییەکان.

ئەو بەرپرسە ئەوروپییە داوای کرد دەستبەجێ سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپیشاندەران کۆتایی پێبهێنرێت.

هۆڵەندا دیسانەوە باڵیۆزی ئێرانی لەسەر لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران بانگهێشت کرد و فەرەنساش بە توندترین شێوە سەرکۆنەی لەسێدارەدانەکانی کرد.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داوای له ده سەڵاتدارانی ئێران کرد کۆتایی بەو کارانەیان بهێنن و گوێ له داخوازییەکانی خەڵک بگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای یەکەمی ئێران لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو دوو کەسە سەپاندبوو، دادگای باڵای ئێرانیش رۆژی سێشەممە سزای لەسێدارەدانی پەسەندکرد و رۆژی شەممەش سزاکە جێبەجێکرا.

ناوەندی مافی مرۆڤ لە ئێران کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی بیانی باڵوێزەکانیان لە ئێران بکشێننەوە و داوای کۆتایی هێنان بە لەسێدارەدان  و توندوتیژی بکەن و دەوڵەتان لە دژی ناڕەزایەتی ئاشتیانە بکەن.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی مانگی رابردوو رایگەیاند کە ئێران داوای سزای لەسێدارەدان بۆ لانیکەم 26 خۆپیشاندەر دەکات بۆ “دادگاییکردنی ساختە” بە وتەی ئەوان.

زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی ئێران سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی باڵای سیاسیی حکوومەتی ئێران بە پێویست نازانن و خوازیاری داخستنی نوێنەرایەتی و باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی و دەرکردنی سەرجەم باڵوێزەکانی لە وڵاتانی رۆژئاوا بوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر