ئه‌مریكا سزا ده‌سه‌پێنێته سه‌ر ژمارەیەک کەسایەتیی ئێران کە لە کەرتەکانی فڕۆکەوانی و ئاسمانییدا کاردەکەن.
هه‌وڵێر – نۆرس پرێس
رۆژی هه‌ینی، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا سزای سه‌پانده سه‌ر ژمارەیەک کەسایەتیی ئێرانی کە لە کەرتەکانی فڕۆکەوانی و ئاسمانیی ئەو وڵاتەدا کاردەکەن.
وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا راێگه‌یاند، شەش ئەندامی جێبەجێکار و ئەندامی دەستەی کۆمپانیای حکومیی پیشەسازییە فڕۆکەوانییەکانی قودسی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە. ئەو کۆمپانییە تایبەتە بە دروستکردنی درۆن و به‌قسه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئه‌و درۆنانه لە کوشتنی خەڵکی سڤیل و وێرانکردنی ژێرخانی ئۆکراینا لە لایەن رووسیاوە بەکاردەهێندرێت.
له‌و باره‌یه‌وه جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگه‌یاند، بەردەوام هەموو ئامرازێکی بەردەستمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی رێگە بگرین لە گەیشتنی چەک بە ڤلادیمیر پووتینی سه‌رۆكی روسیا، كه له جەنگە دڕندە و بێ پاساوەکەی خۆی دژی به ئۆکراینا بەکاری ده‌هێنێت.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا سزای سه‌پانده سه‌ر بەڕێوەبەری دامەزراوەی پیشەسازییە ئاسمانی و بۆشاییەکانی ئێران کە بە وتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەرپەرشتیاری سەرەکیی بەرنامەی مووشەکی بالیستیی ئێرانە.
بەگوێره‌ی سزاکان، گه‌ر ئه‌و حەوت به‌رپرسه‌ی ئێران هه‌ر سامانێكیان لە ئەمریکادا هه‌بێت بلۆدهكرێت، و به‌هیچ شێوه‌یه‌كی ئەمریکییەکان بۆیان نییە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. هەر کەسێکیش ئاڵۆگۆڕی داراییان لەگەڵدا بکات، دەکەوێتە بەر مەترسیی سزاكان.
ئێران دانی بەوەدا ناوە كه درۆنی بە رووسیا داوە، بەڵام دەڵێت، ئەوە پێش دەستپێکردنی هێرشەکەی شوباتی ساڵی رابردووی رووسیا بووە.
روسیاش به‌رده‌وام ئه‌وه رەت ده‌كاته‌وه كه درۆنی ئێرانی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراینا بەکارهێنابێت.