“هەسەدە” ١٤ تۆمەتباری سەر بە “داعش”یان لە گوندەواری حەسەکە دەستگیرکرد

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممەی، لە هەڵمەتێکدا لە گوندواری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی 14 تۆمەتباری سەر بە شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ییان ڕاگەیاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هێزەکانیان بە بەشداریی هێزەکانی ئاسایش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ڕۆژی یەکشەممە سێ کەسیان لە گوندەکانی عەتا و سەمیهان لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی تل براک دەستگیرکردووە، کە گومانیان دەکرێت بابەتی لۆجستی بۆ شانەکانی داعش دابین دەکرد.

لە شارۆچکەی هۆڵ لە باشووری شاری حەسەکە، هێزە هاوبەشەکان 11 کەسی گومانلێکراویان لە دۆسیەی تاوانکاری جۆراوجۆر دەستگیرکردووە.

هێزەکانی ئاسایش، لە بەیاننامەیەکدا، ڕۆژی دووشەممە، ڕایگەیاند کە ٣٦ ئەندامی شانەکانی ڕێکخراوەکەیان لە گەڕەکە جیاجیاکانی شاری قامشلۆ دەستگیرکردووە.

لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە، “هەسەدە” لە ژێر ناوی “ڕەشەبای جەزیرە” لە گوندەواری حەسەکە و قامشلۆ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی دژی شانەکانی “داعش” دەستپێکردوو و تا ئێستا ١٤٣ ئەندامیان دەستگیرکردووە.

ئامادەکردنی: دڵسۆز یوسف