هه‌ولێر – نۆرس پرێس
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماره‌كانی بۆ ساڵی 2022 بڵاوكرده‌وه، كه تیایدا هاتوه، ” لە ماوەی ساڵی 2022 دا لانیکەم 52 هاوڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە 2212 هاوڵاتی دەستبەسەرکراون کە 155 کەسیان به سزای سێداره، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سه‌پێنراوه، هه‌رلەو ماوەیەدا 290 کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون یان بریندار کراون، هەروەها 128 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 3000 هاوڵاتی بریندار كراون”.
ڕێکخراوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه 37 هاوڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مینەوە برینداربون و 19 بەندکراویش لە بەندیخانەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوە، هەروەها 55 کرێکار بە هۆی ڕوداوی کار گیانیان لە دەستداوە و 163 کرێکاریش لەسەر کارەکانی خۆیان دەرکراون.
به‌پێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2022دا، لانیکەم سزای سێدارە به‌سه‌ر 52 هاوڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراون، لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی فیروز موسالو بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کرا، لەو ژمارەیەدا 34 کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و 15 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا.
هه‌روه‌ها ئه‌مساڵ له لانیکەم 290 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان کوژراون و بریندار ون بوونه.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2022دا، لانیکەم 128 هاوڵاتی كورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون 116 هاوڵاتیش لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا ئه‌مینی گیانیان له‌ده‌ستدا كه 19 کەسیان ته‌مه‌نیان خوار 18 ساڵ بوو، هه‌روه‌ها 10 بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان له‌ده‌ستدا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ده‌ڵێت، “لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە حه‌وت هه‌زار هاوڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، تاوه‌كو ئێستا ناسنامەی 2212 کەس لە خۆپیشاندانه‌كان، و چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانییەکان دەستبەسەر کراون”، لەو ژمارەیەش 237 کەسیان ژن و 180 کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر 18 ساڵه.
هه‌روه‌ها ئه‌مساڵ لانیکەم 155 چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.