ئیسرائیل: لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا هێرش دەکەینە سەر ئێران
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە ماوەی دوو سێ ساڵی ئایندەدا هێرش بکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران.
هەرچەندە لێدوانە توندەکان، شتێکی نوێ نین لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، بەڵام ئەوە یەکەمجارە کە تەلئەبیب کات بۆ ئەگەری هێرشبردن دیاری بکات.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە وتارێکدا بۆ خوێندکارانی دەرچووی هێزی ئاسمانی، رایگەیاند، لە ماوەی دوو سێ ساڵدا رەنگە بە ئاسماندا و بە ئاراستەی رۆژهەڵات، هێرش بۆ سەر پێگە ئەتۆمیەکانی ئێران ئەنجام بدەن.
گانتز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەریشدا کورتەیەک لە وتارەکەی لەسەر ئێران بڵاوکردەوە.
لێدوانەکانی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان بەشێوەیەکی پچڕپچڕ لە نێوان ئێران و رۆژئاوا سەبارەت بە دۆسیەی زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بەردەوامە، کە واشنتۆن تاکلایەنە لێی کشایەوە و سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاند.
لەگەڵ دابەزینی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە، ئێران هەوڵەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر دەکات کە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بۆمبی ئەتۆمیش بەکاربهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی تاران رەتیدەکاتەوە هیچ نیازێکی هەبێت بۆ ئەو کارە.
ئیسرائیل هەمیشە بیرۆکەی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی رەتکردووەتەوە و چەندین جار هەوڵیداوە پاڵ بە ئەمریکاوە بنێت بۆ ئەوەی نەگاتە ئەو رێککەوتنە و پارێزگاری لە سزاکان بکات.