تا ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان 508 کەس کوژراون
هەولێر – نۆرس پرێس
ئاژانسی ھانای تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دوایین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاویکردەوە، تائێستا 508 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە، کە لەنێویاندا 96 منداڵ ھەیە.
ژمارەی گیان لەدەستدان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ 508 کەس بەرزبووەوە و پێگەی “ئێران ئینتەرناشناڵ”یش بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران ھەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی چەندین رۆژنامەنووس و دەستی بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتووە.
ھاوکات پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، سوپای پاسداران ھەڕەشە لە رۆژنامەنووسان دەکات سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانیان لەسەر خۆپیشاندەران و رەوشی دەستگیرکراوان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارەکانیان.
راشیگەیاندووە، لەچەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسداران ھەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک رۆژنامەنووس و دەستیانگرتووە بەسەر کەلوپەل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانیاندا.
بەپێی ئامارێکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئێرانیش، تائێستا نزیکەی 70 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و تەنھا نیوەیان بە کەفالەت ئازادکراون.