هەولێر – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سعودیە رایگەیاند کە قەدەغەی گەشتکردن لەسەر “هەموو” گەشتێکی ئیسرائیلی بەسەر ئاسمانی سعودیەدا هەڵدەگرێت. دوای ئەوەش، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە کردنەوەی ئاسمانی سعودیە لە بەردەم فڕۆکە بیانییەکان دەکات و گوتیشی کە بڕیارەکەی سعودیە، هەموو گەشتێک بەبێ جیاوازی لەخۆدەگرێت و هەموو گەشتێکیش بۆ ئیسرائیل و لەوێشەوە بۆ سعودیە لەخۆدەگرێت و رێگەی پێدەدرێت. هاوکات بایدن ئەو هەنگاوەی سعودیەی بە “مێژوویی” ناوبرد.
هاوکات، دەستەی فڕکەوانیی مەدەنیی گشتیی سعودیە، کردنەوەی ئاسمانیی خۆی لە بەردەم سەرجەم فڕۆکە بیانییەکان راگەیاند و گوتی کە بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی سعودیە، “بەهێزیی پێگەی وڵات بۆ بەستنەوەی سێ کیشوەر و بوونی وەکو بەهێزترین سەکۆی بازرگانیی ناوچەکە” دەردەخات.
لەمبارەوە مێراڤ مایکلی، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی سعودیە کرد و رایگەیاند، گەشتەکانی ئیسرائیل رێگەیان پێدەدرێت ئاسمانی سعودیە ببڕن. گوتیشی کە ئەمە “هەنگاوێکی گرنگە” لەلایەن شانشینی عەرەبستانی سعودیەوە دراوە کە وەکو خۆی دەڵێت دەبێتە هۆی کورتکردنەوەی کاتی گەشتکردن و کەمکردنەوەی تێچووەکەی بۆ ئەو گەشتانەی لە ئیسرائیلەوە گەشتدەکەن و هەروەها ئەوانەشی بەسەر ئاسمانی سعودیەدا، بەرەو ئیسرائیل گەشت دەکەن.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج ئەوەیە ئەم بڕیارەی ئیدارەی سعودییە، بەر لە سەردانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئەو وڵاتە