بایدن باری نائاسایی لە نیۆرک راگەیاند

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باری نائاسایی لە نیویۆرک راگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی زریانێکی بەفری وێرانکەرەوە لانیکەم 34 کەس لە سەرانسەری ویلایەتەکاندا گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان لە شاری بوفاڵۆ لە ویلایەتی رۆژئاوای ئەمریکا بوون.

هۆشدارییەکانی زریانی زستانە تا کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی سێشەممە لە ناوچەی جێفرسۆن و لویس لە نیویۆرک کاری پێدەکرێت، کە پێشبینی بەفربارینی زیاتر دەکرێت.

ئەم راگەیاندنەی بایدن لەسەر داوای کاتی هۆچول، پارێزگاری نیویۆرک بوو، دوای ئەوەی بەفر خانوو و شەقامەکانی داپۆشیوە و جوڵەی تێکداوە و پلەکانی گەرما بۆ خوار ئاستی ئاسایی دابەزیوون.

بەپێی راگەێنراوێکی کۆشکی سپی، بایدن فەرمانیدا هاوکاری فیدراڵی بۆ نیویۆرک کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە، “تەواوکەری هەوڵەکانی وەڵامدانەوەی حکومەت و ناوخۆیی بێت بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە لە ئەنجامی زریانێکی سەختی زستانەوە هاتۆتە ئاراوە کە لە 23ی کانوونی دووەمی 2022 دەستی پێکردووە و بەردەوامە.”

ئەم راگەیاندنەی بایدن دەسەڵات دەدات بە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و دەزگای بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی فیدراڵی بۆ هەماهەنگی هەموو هەوڵەکانی فریاگوزاری کارەساتەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، مەبەست لەم رێوشوینانە “کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتوانی ناوچەکە و پێشکەشکردنی هاوکاری گونجاوە بۆ فریاگوزارییە پێویستەکان”.

بەگوێرەی راپۆرتە ئەمریکییەکان، لانیکەم 27 کەس لە ویلایەتی نیویۆرک گیانیان لەدەستداوە، هاوکات هۆچول دۆخەکەی بە “وێرانکەرترین زریان لە مێژووی بوفالۆدا” وەسفکردووە.

کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بایدن پێشتر رۆژی دووشەممە لەگەڵ پارێزگاری ویلایەتەکە قسەی کردووە “بۆ ئامادەباشی تەواوی هێزی حکومەتی فیدراڵی بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی نیویۆرک لەکاتێکدا ویلایەتەکە لەگەڵ کاریگەرییەکانی زریانێکی مێژوویی زستانەدا دەجەنگێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر