ئەردۆغان بەڵێن دەدات بە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری رۆژئاوای کوردستان
دیمەشق – نۆرس پرێس
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سوێندی خوارد بەردەوام بێت لە جەنگەکەی دژ بە رۆژئاوای کوردستان، هەروەها رایگەیاند، وڵاتەکەی ژێرخان و سەرچاوەکانی ناوچەکە وێران دەکات.
دوێنێ دووشەممە، ئەردۆغان له وتارێکیدا له میانی کۆبوونەوەی حکومەتەکەیدا لە ئەنقەرەی پایتەخت، رایگه یاند، “هەنگاوی نوێ دەنێین بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییه کانی پشتێنه ئەمنییەکەمان له قوڵایی 30 کم له باکووری سوریا بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی که وڵاتەکەمانیان کردووەتە ئامانج، لە خاکی سوریاوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەچێتە قۆناغێکی نوێی شەڕەوە بۆ لەناوبردنی هەموو ژێرخان و سەرچاوەکان”.
رۆژی شەممەی رابردوو، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنی رووسی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی سوریا بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا لە باکوری سوریا ئاشکرا کرد.
لە مانگی نۆڤەمبەردا ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان هەڵکشانی سەربازییان لەلایەن تورکیاوە بەخۆوەبینی، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی دەستپێکرد کە دەیان شوێنی کردە ئامانج، لەنێویاندا دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و لەئەنجامدا گیانی زۆرێک لەدەستچوو و ژێرخانەکانیش وێران بوون.
تورکیا لە جەنگی سامانەکاندا ماوەی سێ ساڵە ئاوی بەنداوی فورات و وێستگەی عەلووک لە گوندەواری سەرێ کانێ دەبڕێت، لە کاتێکدا بۆردومانەکانی ئەم دواییە بووە هۆی وەستاندنی بەرهەمهێنانی کارەبا و وێستگەکانی گاز و نەوت .
کاربەدەستانی بەڕێوبەری خۆسەر رایانگەیاند، تورکیا بژێوی ملیۆنان دانیشتوو دەکاتە ئامانج کە ئامادە نەبوون وڵات بەجێبهێڵن و خۆیان بە زەوییەکانیانەوە چەسپاندووە.