هەولێر- نۆرس پرێس
کەمێک لەمەوبەر لە شاری بەغداد نوێژی هەینی یەکگرتویی لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە شەقامەکانی شاری بەغدا دەستیپێکرد و بەگوێرەی زانیارییەکانیش زیاتر لە ملیۆنێک لە هەوادارانی سەدر بەشداریان تێدا کرد.
ئیبراهیم جابری، بەڕێوەبەری نوسینگەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند،” نوێژی هەینی یەکگرتویی نامەیەکە لە سەید سەدرەوە بە بەردەوامی لەسەر چاکسازی و نامەیەکە بۆ یەکێتی گەلی عێراق.
هەروەک وتی: ” لیژنەی ئامادەکاری لەسەرجەم لایەنەکانی خزمەتگوزاری و لۆجستی و ئاسایش ئامادەکاریان کردوە، هەماهەنگییەکی باش لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا کراوە تا بەباشترین شێوە مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت، سەید سەدر دەیەوێت دڵنیایی بداتە هەموان کە واز لە چاکسازی ناهێنێت، لەئێستادا کاردەکات بۆ چاکسازی، بۆیە فەرمانی بە کشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارەکانی کرد، بۆ ئەوەی بێ جیاوازی لەنێوان پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە،یان لەنێوان کەسێک بۆ کەسێکی دیکە چاکسازی بکات”
جابری راشیگەیاند کە رێژەی بەشداری لەنوێژەکەدا لە ئاستێکی بەرزدایە، نوێژی یەکگرتویی ملیۆنی لە سەرەتای شەقامی فەلاح تا کۆتاییەکەی درێژ دەبێتەوە.
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر ئامادەی نوێژەکە نەبوو، بەڵام وتارەکەی لە لایەن “مەحمود ئەلجیاشی” یەوە خوێنرایەوە کە گرینگترین ئەو خاڵانەی ئاماژەی پێکرا ئەمانە بوون:
- ئێمە لە دوڕیانێکی ترسناکداین
- داوا لە فراکسیۆنە سیاسییەکان بە تایبەت شیعەکان دەکەم، تەوبە بکەن و داوا لێخۆشبون لە خودا بکەن و گەندەڵکاران سزا بدەن
- مەرجەعیەت دەرگاکەی خۆی داخستوە لەبەردەم سیاسەتوانان بەبێ جیاوازی، بۆیە داوایان لێدەکەم لەبەردەم مەرجەعیەت داوای لێخۆشبون بکەن
- عێراق سەر زەمینی ئیمام عەلییە، ناکرێت حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت، بەبێ رێکخستنی گروپە چەکدارەکان بەبێ نەهێڵانی چەکی هەڕەمەکی
- · ئەوەی حکومەت پێکدەهێنێت دەبێت داگیرکەران بەرێگەی دیپلۆماسی دەربکات و رێگربێت لە تایفەگەری
- دەبێت دەستێوەردانی دەرەکی کۆتایی بێت وچەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
- · نابێت ئەوانە بگەڕینەوە کە مایەی کارەساتی سپایکەر و سەقڵاوییە بوون
- دەبێ حەشدی شەعبی لە بازرگانی و سیاسەت و ململانێکان دووربخرێتەوە
- تاقیکراوە تاقیناکرێتەوە