دیمەشق بەمەرجی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا گفتوگۆ دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، پەرلەمانتارێکی سوریا رایگەیاند، دیمەشق بە پێی مەرجەکانی نەبێت، گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە قبوڵ ناکات، کە گرنگترینیان کشانەوەی هێزەکانی تورکیایە لە تەواوی خاکی سوریا.

ماوەیەکە لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا پەرەی سەندووە.

چاودێران وای دەبینن هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ نزیکبوونەوە لە دیمەشق تەنها هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

پەرلەمانتار مەیادە ئەلعەلی بە پێگەی “شەفەقنا”ی راگەیاند: “پێدەچێت سازشەکانی تورکیا بۆ سوریا، ببێتە خاڵی سەرەکی لە سیاسەتی وڵاتەکەدا، کە هەوڵی لێکنزیکبوونەوە دەدات لەگەڵ جیهانی عەرەبی، بەو پێیەی ئامانجی گەڕاندنەوەی ستراتیژی بێکێشەییە کە لەئێستادا بەدەست قەیرانی  بێدراوسێیەوە دەناڵێنێت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوەی ئەردۆغان هەوڵی بۆ دەدات لەڕووی نزیکبوونەوە لەگەڵ سوریا هەوڵێکە بۆ سەرکەوتن بەسەر ناوخۆی تورکیادا پێش دەرەوە، لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەڵێنەکانیان سەبارەت بە پەنابەرانی سوریا و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا رادەگەێنن، کە ئەردۆغان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، بەرلە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ستراتیژی ئەردۆغان یاریکردنە لە نێوان رووسیا و ئەمریکادا، هەنگاوی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا و وەستاندنی پشتیوانییەکانی بۆ تیرۆریستان تەنها بۆ ئەوەیە کە پێیێکی لەناو هاوپەیمانی رووسیا و پێیەکەی دیکە لە هاوپەیمانی ئەمریکادا بێت.”

ئەردۆغان بە گوتەی ئەلعەلی هەوڵدەدات  ” دیمەشق تاقیبکاتەوە لە ڕێگەی لێدوانی یەک لە دوای یەکی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا کە “دیمەشق گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە قبوڵ ناکات تەنها بەپێی مەرجەکانی سوریا نەبێت، کە گرنگترینیان کشانەوەی هێزەکانی تورکیایە لە تەواوی خاکی سوریا و وەستاندنی پشتیوانیکردنە لە تیرۆریستان و بێبەشکردنی دانیشتووان لە سەرچاوە ئاوییەکان”.”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد قازی