بەرگری تورکیا باس لە گفتوگۆ دەکات لەگەڵ رووسیا بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی سوریا
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنی رووسی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاسمانی سوریا بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا لە باکووری سوریا ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ئاکار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا “بەکارهێنانی ئاسمانی باکووری سوریا”ی لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تورکیادا گفتوگۆی کردووە.
ناوبراو زیادی کردووە: “ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە هەموو پرسەکان، لەوانەش واڵاکردنی ئاسمانی سوریا”.
لە بیستی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، لە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکدا، دەیان هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا و ناوچەکانی دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردە ئامانج، کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لە راستیدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئاسمانی سوریایان بەکارهێنا، هەروەها بە قوڵایی 70 کیلۆمەتر لە گوندی ئەلمەکمان لە گوندەواری دێرەزوور و زیاتر لە 50 کیلۆمەتر لە هۆل هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنەکانی ئاگربەستی ساڵی 2019 بوو.
تورکیا هەوڵدەدات رەزامەندی هێزە چالاکەکانی سوریا (رووسیا و ئەمریکا) وەربگرێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، کە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد کەوا تل رەفعەەت و مەنبیج و کۆبانی دەکاتە ئامانج.