به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر ئیدانه‌ی هێرشەکەی پاریس دەکات و داوا دەکات بەرپرسان ئاشکرا بکرێن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئه‌مڕۆ شەممە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەری له ڕۆژئاوای كوردستان ئیدانەی ئەو هێرشە چەکدارییەی کرد کە بارەگای کۆمەڵەی کوردی كرده ئامانج لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان له‌ده‌ستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی كرایه سەر بارەگای کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی لە فەرەنسا، “بەشێوەیەکی نوێ هەوڵە تیرۆریستییەکان بۆ کۆکردنەوەی هێز و سیاسەتەکانی لە دژی خەڵکی سڤیل و دژی هەموو جیهان دەگەڕێنێتەوە”.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد به‌زوترین كات به‌رپرسانی ئەو هێرشه تیرۆریستییه ئاشکرا بکات.
دوێنێ هەینی، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کورد لە پاریس (سەنتەری ئەحمەد کایا) لەلایەن پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵەوە هێرشی کرایە سەر.
دوای ڕووداوەکە، کۆمەڵگەی کورد لە پاریس خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایان كرد ئه‌و هێرشانه دژ به كورد ڕابگیرێت.
چالاکوانانی کورد لە پاریس پرسیاریان لا دروستبوو لە چۆنیەتی پلاندانان بۆ هێرشەکە، ” تۆمەتبارەکە بە چەکەوە لە کوێوە هاتووە له‌کاتێکدا 10 ڕۆژ له زیندانی ئازاد كراوه”، هاوکات به‌شێك له سیاسه‌تمه‌دارانی كورد ده‌ستی تۆمه‌تیان بۆ توركیا درێژكرد كه له پشت ئه‌و هێرشه‌وه بێت.
ئیمانوێل و ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا هێرشی سەر بارەگای کۆمەڵەی کوردی ئیدانە کرد و بە “قێزەون” ناوی برد.
دوێنێ هەینی، جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، ” ئه‌م هێرشه مۆركی سیاسی پێوه دیاره كه ئامانجی دۆزی كورده، پێویسته به بێ سزا تێنه‌په‌رێت، متمانه‌ی ته‌واومان هه‌یه به توانای سه‌رۆك ماكرۆن و دامه‌زراوه‌كانی دادوه‌ری فه‌ره‌نسا بۆ ئاشكراكردنی تاوا‌نباران و ئه‌وانه‌ی پشتیوانیان ده‌كه‌ن.”.